دووەم نموونەی دەستەواژەی «یەک شت» لە چیرۆکی پیاوە کوێرەکەی لەدایکبوودا ڕوودەدات کە بینایی وەرگرت. هەرچەندە ڕوون بوو کە عیسای خاوەن شکۆ بە شێوەیەکی پەرجویی چاکیکردبوو، بەڵام فەریسییەکان نەیانویست ڕاستییەکە بڕوا بکەن. پرسیارە دووبارەکانیان بێباوەڕی لە دڵیاندا دەربڕی. دوای دوو چاوپێکەوتن لەگەڵ پیاوەکە خۆی، کە چاوپێکەوتنێکی سێیەم لەگەڵ دایک و باوکی لە نێواندا بوو، لە کۆتاییدا لە کەنیسە دەریانکرد! ئەوان هێزی سەروو سروشتی خوداوەندیان ڕەتکردەوە، شایەتی پیاوە کوێرەکەیان بێبەها کرد، ڕاستی خودایان بە درۆ گۆڕییەوە، و بەڵگەکانیان بەپێی جیهانبینییەک کە لەسەر گریمانەی هەڵە دامەزرابوو لێکدایەوە. ئایا ئاشنایە؟ ئەوە لەبەر ئەوەیە کە هیچ شتێکی نوێ لەژێر خۆردا نییە، و ئێمە هەمان لۆژیکی کوێرانە لەلایەن پەرەسەندنخوازان و ئەوانەی بوونی خودا ڕەتدەکەنەوە لە ڕۆژگارەکەماندا دەبینین.
لە قۆناغی سەرەتایی گەشتی باوەڕیدا، پیاوە کوێرەکە وەڵامی هەموو پرسیارەکانی فەریسییەکانی نەبوو. بەڵام نەکەوتە مشتومڕ و گفتوگۆ لەگەڵیاندا. شایەتییەکەی خۆی قسەی دەکرد! تەنها یەک شت هەبوو کە لەو ساتەدا دەیزانی: هەرچەندە لەدایکبوونەوە کوێر بوو، بەڵام عیسای خاوەن شکۆ پەرجوی بینایی پێدابوو.
تێبینی بکە کە وتی، «یەک شت دەزانم» – نەک یەک شت «پێموایە» یان «هەستی پێدەکەم.» هیچ گومانێک لەسەری نەبوو. گۆڕانکاری لە ژیانیدا ئاشکرا بوو! هەستەکان دێن و دەڕۆن؛ جێی متمانە نین؛ بەرز و نزم دەبنەوە؛ بەڵام ووشەی خودا دەژی و بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. دڵنیا و جێی متمانە و نەگۆڕە! دەتوانین لە دڵنیایی ووشەی خودادا ئارام بگرین، چ بۆ ڕزگاری و چ بۆ چاودێری ئێستای لە ژیانماندا. «چونکە دەزانم کێم باوەڕ پێکردووە و دڵنیام کە ئەو دەتوانێت ئەوەی کە پێم سپاردووە بیپارێزێت تا ئەو ڕۆژە» (٢ تیمۆساوس ١:١٢).





