لێرەدا فێردەبین کە وەک شوێنکەوتووانی عیسای مەسیح، ئێمە بۆ شکۆمەندی لەدایکبووین! ئێمە «دووبارە لەدایکبووینەتەوە بۆ هیوایەکی زیندوو لە ڕێگەی زیندووبوونەوەی عیسای مەسیح لە مردووانەوە.» وشەی «دووبارە لەدایکبوونەوە» واتای لەسەرەوە لەدایکبوون دەگەیەنێت. ئەمە هەمان ئەو بیرۆکەیەیە کە گەورەمان عیسا بە نیکۆدیمۆسی دا لە یۆحەننا ٣. لەوێ گەورەمان عیسا نەک تەنها بە نیکۆدیمۆسی وت «دەبێت دووبارە لەدایکبیتەوە»—لەسەرەوە لەدایکبیت—بەڵکو بەردەوام بوو و فەرمووی: «ڕاستی ڕاستیتان پێدەڵێم، ئەگەر یەکێک لە ئاو و ڕۆح لەدایک نەبێت، ناتوانێت بچێتە ناو شانشینی خوداوە» (یۆحەننا ٣:٥). پاشان بەردەوام بوو و فەرمووی: «ئەوەی لە جەستە لەدایک دەبێت جەستەیە، و ئەوەی لە ڕۆح لەدایک دەبێت ڕۆحە. سەرسام مەبە کە پێم وتوویت، 'دەبێت دووبارە لەدایکبیتەوە'» (ئایەتی ٦–٧).
ئاوەکە کە لە یۆحەننا ٣:٥ باس کراوە، ئاماژە بە لەئاوهەڵکێشان ناکات، بەڵکو بە ووشەی خودا. ئەوە ووشەی خودایە کە بە هێزی ڕۆحی خودا بەهێز کراوە کە بەهۆیەوە مرۆڤ لەسەرەوە لەدایک دەبێت. ووشەی خودا هێزێکی پاککەرەوەی هەیە، وەک لە ئەفەسۆس ٥:٢٦ باس کراوە. «باوەڕ بە بیستن دێت، و بیستنیش بە ووشەی خودا» (ڕۆما ١٠:١٧). پەتڕۆس دواتر بیرمان دەهێنێتەوە کە «دووبارە لەدایکبووینەتەوە، نەک لە تۆوی فەوتێنەر بەڵکو لە تۆوی نەفەوتێنەر، لە ڕێگەی ووشەی خوداوە» (١ پەتڕۆس ١:٢٣–٢٥).
تۆ و من بۆ شکۆمەندی لەدایکبووین. باوەڕی ئێمە باوەڕێکی زیندووە، کە لەسەر پیاوێکی زیندوو، گەورەمان عیسای مەسیح دامەزراوە! هەموو شتێک کە پەیوەندی بە ژیانی مەسیحییەوە هەیە زیندووە! ئێمە هیوایەکی زیندوومان هەیە، لەبەر کوڕی خودای زیندوو (مەتتا ١٦:١٦)؛ ئێمە وەک بەردی زیندوو سەیر دەکرێین چونکە ئەو بەردی زیندووە (١ پەتڕۆس ٢:٤–٥)؛ و ئێمە هەمووی لەسەر ووشەی زیندووی خودا دادەمەزرێنین (١:٢٣)!




