ئەوەی خودا پێی خۆشە، ئارامگرتنە لە ئازارێک کە لە پێناوی کارێکی باشدا دەچێژرێت و بە «ویژدانێکی خودایی»ەوە ئەنجام دەدرێت. هیچ شتێک بە سروشتی بۆ ئێمە لەمە قورستر نییە. چەند تووڕە دەبین کاتێک کارە باشەکانمان تەنها دەبنە هۆی کێشە بۆمان!
چی یارمەتیمان دەدات لەمەدا؟ دوو شت. یەکەم، نموونەی مەسیح. دووەم، قوربانیی کەفارەت و ئەنجامەکانی.
کەس وەک عیسای مەسیح کاری باشی نەکردووە. کەس وەک ئەو بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ نەکراوە، سووکایەتی پێنەکراوە و چەوسێنراوەتەوە. جگە لەوەش، ئەو هیچ گوناهێکی نەکرد، هیچ فێڵێک هەرگیز لە دەمیدا نەبوو. هیچ شتێک لەو یان لە ژیانیدا نەبوو کە بچووکترین سووکایەتی پێکردنی ڕەوا بکات. بەڵام کەس وەک ئەو ئازاری نەچەشت، و کەس هەرگیز ئازارەکەی بەو شێوەیە لەسەرخۆیی و تەواوییەوە وەرنەگرت. ئەو ووشەی ئیشایای بەجێهێنا: «چەوسێنرایەوە و ئازاری چەشت، بەڵام دەمی نەکردەوە» (ئیشایا ٥٣:٧). لە هەموو ئەمانەدا ئەو نموونەیەک بوو بۆ ئێمە، چونکە ئێمە بانگهێشت کراوین بۆ ڕێگاکەی، و بۆ شوێنکەوتنی هەنگاوەکانی. بیرکردنەوە لە مەسیح لە هەموو شکۆمەندی تەواوییەکەیدا ناتوانێت کاریگەری لەسەر ئێمە نەبێت، بیرکردنەوە و ڕێگاکانمان لەگەڵ ئەودا بگونجێنێت. ئەگەر بانگهێشت کراین بۆ ئازارچەشتن، ئێمەش خۆمان دەسپێرین بەو کە بە ڕاستودروستی دادوەری دەکات، لە جیاتی هەوڵدان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە خۆمان.
بەڵام هەرواش بێت، ئێمە وەک ئەو نین، چونکە ئێمە گوناهبارین و ئەو هیچ گوناهێکی نەبوو. بۆیە، پێویستمان بە قوربانیی کەفارەت بوو کە ئایەتی ٢٤ باسی دەکات. ئەو کە هیچ گوناهێکی نەکرد «گوناهەکانی ئێمەی لە جەستەی خۆیدا لەسەر دارەکە هەڵگرت.» ئەمە شتێکە بە تەواوی لە توانای ئێمە بەدەرە. لێرەدا ناتوانین شوێن هەنگاوەکانی ئەو بکەوین.





