١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨
ڕووناکی ڕۆژانە, کانونی یەکەم ١٨: مرۆڤ دەتوانێت چیم لێ بکات؟﴾
ڕووناکی ڕۆژانە
بۆیە با بە متمانەوە لە تەختی نیعمەت بچینە پێش، بۆ ئەوەی بەزەیی وەربگرین و نیعمەت بدۆزینەوە تاکو لە کاتی پێویستدا یارمەتیمان بدات.
عیبرانییەکان ٤:١٦
نیگەران مەبن، بەڵکو با لە هەموو شتێکدا داواکاریتان بە نوێژ و پاڕانەوە و سوپاسگوزارییەوە لەلای خودا زانراو بێت. ئاشتی خوداش، ئەوەی بەرزترە لە هەموو تێگەیشتنێک، دڵ و بیرتان بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا دەپارێزێت.
فیلیپی ٤:٦–٧
ئێوە ڕۆحی کۆیلەییتان وەرنەگرتووە تاکو بۆ ترس بتانگەڕێنێتەوە، بەڵکو ڕۆحی لەخۆگرتنەوەتان وەرگرتووە، بەهۆیەوە هاوار دەکەین: «بابە! باوکە!»
ڕۆما ٨:١٥
بە توخمی یاقوبم نەفەرموو، بەخۆڕایی بەدوامدا بگەڕێن.
ئیشایا ٤٥:١٩
بۆیە ئەی خوشک و برایانی باوەڕدار، لەبەر ئەوەی متمانەمان هەیە بۆ چوونە ناو شوێنی هەرەپیرۆز بەهۆی خوێنی عیساوە، بەو ڕێگا زیندوو و تازەیەی کە بەهۆی بەخشینی جەستەی خۆی بەناو پەردەدا بۆی کردینەوە، لەبەر ئەوەی کاهینێکی بەرزمان هەیە سەرپەرشتی ماڵی خودا دەکات، هەروەها لەبەر ئەوەی خوێنی مەسیح بەسەر دڵماندا پرژێنرا تاکو لە ویژدانی خراپ پاکمان بکاتەوە، جەستەشمان بە ئاوێکی پاک شوشتراوە، با بە دڵێکی ڕاست و بە متمانەی تەواوی باوەڕ بچینە بەردەم خودا.
عیبرانییەکان ١٠:١٩–٢٢
کەواتە بە متمانەوە دەڵێین: ﴿یەزدان یارمەتیدەری منە، ناترسم. مرۆڤ دەتوانێت چیم لێ بکات؟﴾.
عیبرانییەکان ١٣:٦
ڕاستی دەناسن، ڕاستیش ئازادتان دەکات.
یۆحەنا ٨:٣٢
هەروەها ڕۆحی یەزدان لەکوێ بێت، ئازادی لەوێیە.
دووەم کۆرنسۆس ٣:١٧
چونکە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە یاسای ڕۆحی ژیان لە یاسای گوناه و مردن ئازادی کردیت.
ڕۆما ٨:٢
ئەگەر کوڕەکە ئازادی کردن، ئەوا بە ڕاستی ئازاد دەبن.
یۆحەنا ٨:٣٦
کەواتە ئەی خوشک و برایان، ئێمە منداڵی کۆیلەکە نین، بەڵکو هی ئازادەکەین.
گەلاتیا ٤:٣١
دەزانین مرۆڤ بە کارکردن بە شەریعەت بێتاوان ناکرێ، بەڵکو بە باوەڕ بە عیسای مەسیح. جا ئێمە باوەڕمان بە عیسای مەسیح هێنا تاکو بە باوەڕ بە مەسیح بێتاوان بکرێین، ئەمەش نەک بە کارکردن بە شەریعەت، چونکە لە ڕێی کارکردن بە شەریعەت کەس بێتاوان ناکرێت.
گەلاتیا ٢:١٦
بەڵام هەرکەسێک بە وردی سەرنجی ئەو شەریعەتە تەواوە بدات کە ئازادی دەبەخشێت، هەروەها بەردەوام کاری پێ بکات و ئەوەی دەبیستێت لەیادی نەکات بەڵکو کاری پێ بکات، ئەوا ئەمە لە کرداریدا بەرەکەتدارە.
یاقوب ١:٢٥
مەسیح ئازادی کردین تاکو بە ئازادی بژین. بۆیە چەسپاو بن و جارێکی دیکە ملکەچی نیری کۆیلایەتی مەبن.
گەلاتیا ٥:١
هەڵبژاردەکانی کتێبی پیرۆز لە ڕووناکی ڕۆژانە لەسەر ڕێگای ڕۆژانە (کۆکراوەی موڵکی گشتی).
ڕۆژەکانی دوایی
هەمووی ببینە١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨
یۆحەنا ١٣:١ · یۆحەنا ١٧:٩–١٠
١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨
گەلاتیا ٦:٢ · فیلیپی ٢:٤–٥
١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨
زەبوورەکان ٦٦:٢ · ئیشایا ٤٣:٢١
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨
دووەم تیمۆساوس ٢:١ · کۆلۆسی ١:١١
١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨
سەفەنیا ٣:١٥ · ئیشایا ٤١:١٠
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨
ڕۆما ١٤:١٦ · یەکەم سالۆنیکی ٥:٢٢






