مزگێنی– ئایاری ٢٠١٩ –گۆڤاری فەزڵ و ڕاستی
زیندانیانی برسی
زۆربەی زیندانیان برسین. ڕەنگە وا بیر بکەیتەوە کە باسی خواردن دەکەم، بەڵام وام نییە. کەواتە باسی چی دەکەم؟ برسییەتی ڕۆحی. تاکەکان لە زینداندان چونکە ئارەزوویان بۆ پڕکردنەوەی برسێتی ڕۆحی پاڵیان پێوەنا بۆ ماددە هۆشبەرەکان، کحول، تاوان و لووتبەرزی. ئەو پاڵنەرە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکەیان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبوو. ئەوەندە ئاسایی بوو کە هەموو بەیانییەک بە ئازاری برسێتی ڕۆحییەوە لە خەو هەستن کە بووە بەشێک لە ژیانی سروشتییان. ئارەزووەکەیان بێهۆشی کردن لە دەرئەنجامەکانی گەڕانەکانیان. ئەمە ڕاستییەکی خەمناکە.
پەندەکانی سلێمان ٢٧:٧ دەڵێت: «ئەوەی تێرە ڕقی لە هەنگوین دەبێتەوە، بەڵام بۆ برسی هەموو تاڵێک شیرینە» (ESV). بە شێوەیەکی بنەڕەتی، کاتێک کەسێک تێر بێت برسی نابێت. هیچ شتێک ئەو کەسە تاقیناکاتەوە چونکە تێرە، ڕازییە و پێویستی بە هیچی تر نییە. بەڵام کاتێک کەسێک برسی بێت، تەنانەت ئەو شتانەش کە تامێکی خۆشیان نییە، بەتام دەبن.
دەتوانم شایەتی بدەم و ببمە شایەت کە زیندان دەتوانێت کەسێک ناچار بکات بەشداری لەو شتانەدا بکات کە هەرگیز مەبەستی نەبووە بیکات، بەڵام خۆی داوەتێ چونکە لەو کاتەدا تەنانەت تاڵیش شیرین بوو. هەر بۆیە مەسیح زۆر گرنگە. دەتوانێت ڕۆحە برسییەکان بە خۆشەویستی، بەزەیی و نیعمەت پڕ بکاتەوە. ئەوانەی بەو شێوەیە پڕکراونەتەوە، ئەوەندە تێر دەبن کە تەنانەت سەیری شتێکی تر نەکەنەوە.
پێویستە بە خودا پڕ بینەوە. خۆشەویستی، خۆشی و ئاشتیی خودا بناغەیەک دەدات بۆ بەرگری کردن لە تاقیکردنەوەکان، پاڵنەرە ناپاکەکان، داوێنپیسی، بێڕەوشتی، ئالوودەبوون و تەنانەت خەمۆکیی گوناهکار. بەڵام ئەگەر کەسێک خودا و ئەم چاکییەی نەبێت، هەمیشە بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بە شتە ناخوداییەکان پڕ بێتەوە، بیانوو دەهێنێتەوە و خۆی قایل دەکات کە تەنانەت تاڵیش شیرینە.
بۆ تێرکردنی برسێتیت بەدوای چیدا دەگەڕێیت؟نانی ژیان و ئاوی زیندوو کە مەسیح پێشکەشی دەکات بەردەستە بۆ تۆ (بڕوانە یۆحەننا ٦:٣٥، ٤:١٠-١٤). ئەمانە تەنها شتانێکن کە دەتوانن بۆشاییەکەت پڕ بکەنەوە. پێشنیاری خودا قبوڵ بکە کاتێک دەتوانیت! دەتوانین پێت بڵێین چۆن.
لە نووسینی ئەدریان تۆرێس (وەرگیراوە)






