٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٩
ڕووناکی ڕۆژانە, تشرینی یەکەم ١: بەڵام ڕاستییەکە لە مەسیحدایە
ڕووناکی ڕۆژانە
بەڵام بەروبوومی ڕۆحی پیرۆز ئەمەیە ... دڵنەرمی و بەسەرخۆدا زاڵبوون.
گەلاتیا ٥:٢٢–٢٣
هەر یەکێک ململانێ بکات لە هەموو شتێک خۆ ڕادەگرێت. ئەوانە تاکو تاجێکی لەناوچوو بەدەستبهێنن، بەڵام هی ئێمە لەناو نەچووە. کەواتە ڕادەکەم نەک وەکو یەکێک ئامانجی نەبێت، بۆکسێن دەکەم نەک وەک لە هەوا بدەم. بەڵکو لەگەڵ لەشم توند دەبم و دەیکەمە کۆیلە، نەوەک لەدوای ئەوەی بۆ خەڵکی دیکە جاڕم داوە، خۆم ڕەت بکرێمەوە.
یەکەم کۆرنسۆس ٩:٢٥–٢٧
بە شەراب سەرخۆش مەبن کە بەڕەڵایی تێدایە، بەڵکو پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز.
ئەفەسۆس ٥:١٨
ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت.
مەتا ١٦:٢٤
کەواتە ئێمە وەک خەڵکی دیکە ناخەوین، بەڵکو با ئێشک بگرین و وریابین، چونکە ئەوانەی دەخەون بە شەو دەخەون و ئەوانەی سەرخۆش دەبن بە شەو سەرخۆش دەبن. بەڵام ئێمەی ڕۆڵەی ڕۆژ با وریا بین و زرێی باوەڕ و خۆشەویستی لەبەر بکەین و هیوای ڕزگاری وەک کڵاوی ئاسنین لەسەر بکەین.
یەکەم سالۆنیکی ٥:٦–٨
ئەوەی فێرمان دەکات نکۆڵی لە خوانەناسی و هەوەسە دنیاییەکان بکەین، بە ژیری و ڕاستودروستی و لەخواترسی بژین لەم دنیایە، لە چاوەڕوانی هیوای بەرەکەتدار، دەرکەوتنی شکۆی خودای گەورە و ڕزگارکەرمان، عیسای مەسیح.
تیتۆس ٢:١٢–١٣
با لە هەموو شتێکدا گەشە بکەین، لەناو ئەوەی سەرە، واتا مەسیح.
ئەفەسۆس ٤:١٥
ئینجا گوڵەگەنم، پاشان لە گوڵەگەنمەکەدا گەنمی تەواو.
مەرقۆس ٤:٢٨
هەتا هەموومان بگەین بە یەکێتی باوەڕ و ناسینی کوڕی خودا، ببینە مرۆڤێکی پێگەیشتوو، بگەینە ئەندازەی تەواوی پڕیێتی مەسیح.
ئەفەسۆس ٤:١٣
کاتێک خۆیان بە خۆیان بەراورد دەکەن و دەپێون، ئیتر دەردەکەوێت کە نەزانن. ﴿ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە یەزدانەوە بکات.﴾ ئەوەی بە خۆیدا هەڵدەدات پەسەند ناکرێت، بەڵکو ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ پێیدا هەڵدەدات.
دووەم کۆرنسۆس ١٠:١٢, ١٧–١٨
بەڵام ڕاستییەکە لە مەسیحدایە. مەهێڵن ئەوانەی کە حەز دەکەن خۆیان بە درۆ نزم بکەنەوە و فریشتەکان بپەرستن لە خەڵاتەکە بێبەشتان بکەن. ئەو جۆرە کەسانە زۆر بە وردی باسی ئەو شتانە دەکەن کە بینیویانە، لەخۆبایی بوون بەو بیرۆکە پووچە دنیاییانەی کە لە مێشکیاندایە. ئەم جۆرە کەسانە دەست بە مەسیحەوە ناگرن، ئەوەی کە سەری تەواوی جەستەیە و بەهۆیەوە هەموو جەستەکە هێز وەردەگرێت، لە ڕێگەی جومگە و بەستەرەکانەوە بە یەکتر بەستراونەتەوە، بەو شێوەیەی کە خودا دەیەوێت گەشە دەکات.
کۆلۆسی ٢:١٧–١٩
بەڵکو لە نیعمەت و ناسینی عیسای مەسیحی ڕزگارکەر و پەروەردگارماندا گەشە بکەن.
دووەم پەترۆس ٣:١٨
هەڵبژاردەی کتێبی پیرۆز لە Daily Light on the Daily Path (موڵکی گشتی).
ڕۆژەکانی دوایی
هەمووی ببینە٢٩ی ئەیلوولی ٢٠١٩
یەکەم یۆحەنا ٣:١٦ · ئەفەسۆس ٣:١٩
٢٨ی ئەیلوولی ٢٠١٩
سەرژمێری ٦:٢٧ · ئیشایا ٢٦:١٣
٢٧ی ئەیلوولی ٢٠١٩
یەکەم پەترۆس ٥:٦ · پەندەکانی سلێمان ١٦:٥
٢٦ی ئەیلوولی ٢٠١٩
دواوتار ٣٢:٤ · یەکەم پەترۆس ٢:٢٣
٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٩
یاقوب ١:٤ · یەکەم پەترۆس ١:٦–٧
٢٤ی ئەیلوولی ٢٠١٩
زەبوورەکان ٧٣:٢٨ · زەبوورەکان ٢٦:٨






